Into the Wild - Review
نووسین: دانا حەکیم
هەمیشە ئەو فیلمانەم خۆش دەوێن کە چیرۆکەکەیان ڕاستەقینەیە. بێگومان جیا لە لایەنە چێژبەخشەکەی سینەما، دەکرێ سوودێکی بەرچاوی لێ وەربگرین بۆ لایەنی مەعریفی و تێگەیشتنێکی فراوانتر لە دونیا. فیلمە ژیاننامەییەکان سەرچاوەیەکی باشی ئەزموون و پەند وەرگرتنن، چونکە خاوەن چیرۆک و ڕووداوی ڕاستەقینەن، هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگەیەکن، خەیاڵی و دروستکراو نین.
بۆ نێو سروشت. گەنجێکی تازە دەرچووی زانکۆ و حەزی ژیانکردن لە سروشتدا.
فیلمی بۆ نێو سروشت، فیلمێکی درامی، سەرکێشییە، کە لە چیرۆکێکی ڕاستەقینە وەرگیراوە. ساڵی ۲۰۰۷، لە لایەن Sean Penn دەرهێنانی بۆ کراوە. ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە Emile Hirschـە، کە بە نواندنێکی ناوازە تێکەڵ بە ژیانی ڕاستەقینەی سەخت و پڕ مەترسی (کریس)مان دەکات و زۆر بە لێهاتووانە ڕۆڵەکە بەرجەستە دەکات.
چیرۆکی فیلمەکە لە ژیاننامەی کریستۆفەر جۆنسن مکاندلس وەرگیراوە، کە لە سەرەتاکانی ساڵی ۱۹۹۰ بێ سەروشوێن بوو و ڕێگای خۆی بەرەو سروشت هەڵبژارد. تاوەکو لە ساڵی ۱۹۹۲ لە لایەن ڕاوچییانی ئالاسکاوە دۆزرایەوە. وە پێکەوەبەستنێکی لەگەڵ ڕۆمانی into the wild هەیە، لە ساڵی ۱۹۹٦ لە لایەن John Krakauer نووسراوە.
کریستۆفەر مکاندلس، وەرزشوان و خوێندکاری زانکۆی ئیمۆری. دوای بەسەربردنی چەند ساڵێک بۆ تەواوکردنی ئەرکێکی بێزارکەری وەکو زانکۆ، بڕیار دەدات واز لە هەرچی وابەستەییە بە ژیانی مرۆییەوە بهێنێت، وە ڕوو بکاتە سروشت و ئەزموونێکی جیاواز تاقیبکاتەوە بۆ تەواوی ژیانی.
لە سەرەتاکانی فیلمەکەدا دەچینە نێو خەیاڵی گەنجێکی بێزار لە کۆمەڵگە و خێزان، کە هەموو خەونی ئەوەیە دوور بکەوێتەوە لە ژەهری کۆمەڵگەی شارستانی و هەست بە بوونی ڕاستەقینەی خۆی بکات، نەک ژیانێکی ڕۆتینی و دووبارە بە ڕێ بکات. پێی وایە ئەو خەونەشی تەنها لە سروشتدا دێتە دی. کریس هەرچەندە سەر بە خانەوادەیەکی زەنگین و خاوەن سامانێکی زۆرە، بەڵام دەستبەرداری هەموویان دەبێت، چونکە پارە و سامان شتێک نین ئەو پێویستی بێت، یاخود شایستەی ئەوە بێت بۆی بژیێت. وە ئەو بڕە پارەیەی خۆی کۆی کردبوویەوە، دەیبەخشێت بە ڕێکخراوی خێرخوازی بۆ یارمەتیدانی برسی و بێلانەکان. ئامانجی سەرەکی ئەو گەیشتنە بە دارستانی ئالاسکا، لە باکووری ئەمێریکادا. بەرەو ڕۆژئاوا دەست بە ڕۆیشتن دەکات و سەرەتا ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ ئەلێکساندەر سوپەرترامپ، وە لە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی هەڵدێت. لە ماوەی گەشتەکەیدا بە چەند ناوچەیەکی جۆراوجۆر گوزەر دەکات، چەندین سەرکێشی ئەنجام دەدات، وە ئەزموونی چەند بارودۆخێکی جیاواز دەکات و خەڵکانێکی نوێ دەناسێت. ئەمەش دەبێتە هۆی گۆرانکارییەک لە کەسایەتیدا. کریس کەسایەتییەکی دژە کلتور و مێشکێکی بە پرسیاری هەبوو، حەزی لە ئەزموون وەرگرتن و داهێنان بوو و تا ڕادەیەکی باش خاوەن ڕۆشنبیرییەکی بەرز بوو. بەڵام بەپێی پێویست ژیر نەبوو تا بیر لە دەرئەنجامەکانی سەرکێشییەکەی و ئەو مەترسییانە بکاتەوە کە لە سروشتدا دێنە ڕێی.
پاڵنەری ئەو بۆ جیابوونەوە لە ژیانی ناو شار و خێزان، تووڕەییەکەیەتی بەرامبەر ئەو کۆت وبەندانەی بەسەریدا سەپێندراوە لە لایەن باوانییەوە وە ئازادی لێ زەوت کراوە. وەک بۆمان دەردەکەوێت لە فیلمەکەدا، کریس لە خێزانێکی پڕ گێرە و کێشەدا گەورە دەبێت و پێدەگات. دایک و باوکی نە هیچ تێگەیشتن و سۆزێکیان بەرامبەر یەکتر هەیە، نە هیچ دەستێکی میهرەبانی بە سەری منداڵەکانیاندا دەهێنن. تەواوی ژیانیان بووە بە کۆکردنەوەی پارە و نواندنێکی بێ ئەرزشی ماددیگەرایی. هەر ئەوەشە وای لە کریس کردووە ڕاستی بوونی خۆی ون بکات، ناچار بێت بگەڕێت بەدوای خۆیدا و ئازادی ڕەها بدۆزێتەوە.
لێرەوە بینەر بۆی دەردەکەوێت کە ژیانی کریس لەنێو شارستانییەتدا دژوار بووە. بەڵام ئایا دەکرێ سروشت وەکو جێگرەوە هەڵبژێرێت؟
هەڵبەت ویستی دەربازبوون لە ژیانە سەرقاڵ و پڕ سترێسەکەی شار، وە چوونە نێو سروشت و ئازادبوون، بۆ زۆرینەی مرۆڤەکان لە سەردەمی گەنجی و لاوی و جوامێریدا خەونێکی خۆشە. بەڵام گەر بێینە سەر واقیع، کارەکە زۆر لەوە قورسترە. سروشت بێ بەزەییە. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە سروشت لاوازەکان لەناو دەبات، ڕەحم بە هیچ بوونەوەرێک ناکات. بۆ مرۆڤێک کە ساڵانێک ژیانێکی ئاسان ژیاوە و زەحمەتیی نەبینیوە، تا ڕادەیەکی زۆر مەترسی تێدایە، وە پێویستی بە ئامادەکارییەکی تەواوە بۆ ڕزگاربوون تیایدا.
دوایین وتەکانی کریستۆفەر لە ژیاندا ئەوانە بوون:
"من ژیانێکی خۆش ژیام، سوپاس بۆ پەروەردگار. ماڵئاوا وە خودا بتانپارێزێت."
"دڵخۆشی تەنها کاتێک ڕاستەقینەیە کە بەش بکرێت."
دانا حەکیم
Dana Hakim
Comments
Post a Comment