زیارەتەکەی چایڵد هارۆلد (لەززەتێک لە دارستانە بێڕێگاکاندا هەیە) - Balinde Poetry

 


زیارەتەکەی چایڵد هارۆلد (لەززەتێک لە دارستانە بێڕێگاکاندا هەیە)
لۆرد بایرن
کوردییەکەی: دانا حەکیم

 

 

CLXXVIII

 

لەززەتێک لە دارستانە بێڕێگاکاندا هەیە؛
سەرمەستییەک لە کەناری تەنیاییدا هەیە،
کۆمەڵگەیەک هەیە، تێیدا کەس خۆی هەڵناقورتێنێ،
لە لای زەریای قووڵەوە، دێت مۆسیقای شریخێنەر
مرۆڤم کەمتر خۆش ناوێت، بەڵام سرووشت زیاتر،
لەو دیدارانەماندا، کە تێیدا خۆم دەدزمەوە
لە هەموو ئەوەی ڕەنگە ببم، یان پێشتر بوومە،
تاکوو لەگەڵ گەردوون تێکەڵ بم، و هەست بکەم بەوەی
کە هەرگیز ناتوانم دەریببڕم، بەڵام بە تەواویش داناپۆشرێ.

 

 

CLXXIX

 

شەپۆڵ بدە، ئەی زەریای قووڵ و شینی تاریک—شەپۆڵ بدە!
دە هەزار کەشتی بەسەرتدا بێهوودە دەڕۆن؛
مرۆڤ ڕووی زەوی بە وێرانە دەنەخشێنێ—دەسەڵاتەکەی
لەگەڵ کەناری دەریا دەوەستێ؛ لە دەشتی ئاوی
کەشتییە تێکشکاوەکان سەرجەم کاری تۆن، هیچی لێ نامێنێتەوە
سێبەری وێرانکاریی مرۆڤ، جگە لەوەی خۆی
ئەو دەمەی بۆ ساتێک، وەک دڵۆپێکی باران،
نووقم دەبێت لە قووڵاییتدا بە ناڵە و بڵقدان،
بێ گۆڕ، بێ شیوەن، بێ تابووت و نەناسراو.

Comments

Popular Posts