شەوکاران Nighthawks
شەوکاران Nighthawks
نووسین: جەیمس هاریسن
وەرگێڕان: دانا حەکیم
"شەوکاران"،"Nighthawks"، تابلۆیەکە لە لایەن ئێدوارد هۆپەرەوە لە ساڵی ۱۹٤۲ کێشراوە، و هەر بە زوویی بوو بە کارێکی ناوداری هونەری ئەمریکی.
لە تابلۆی شەوکاراندا، چەند شێوەیەکی ئەندازەیی بە ڕووکارێکی ئارت دیکۆیی جەختی لەسەر کراوەتەوە و ڕووناکییەکی کز شوێنێکی مەیلەوشانۆیی بۆ چەند کەسایەتییەکی دابڕاو و گۆشەگیر تەیار دەکات. تابلۆی ڕیکلامی جگەرەی "فیلیس" لە سەرووی خواردنگەکە وا پیشان دەدات کە ئەوێ شوێنێکی وەها گرانبەها نییە، لەبەر ئەوەی "فیلیس" دروشمێکی بازرگانیی ناوداری ئەمریکی بوو، تایبەت بوو بە جگەرەی هەرزان کە بە زۆری لە فرۆشگەی خواردەمەنیفرۆش و بەنزینخانەدا دەفرۆشران. ئەو "شەوکاران"ەی لە تابلۆکەدا پێشاندراون نوقمی مێرگێکی ڕووناکیی درەوشاوەن لە ناو خواردنگەیەک کە بە درێژاییی شەو کراوەیە؛ لە کەشێکی فیلم نواری شایستەی ڕەیمۆند چاندلەر.
ڕووناکییە دەستکردەکان کە هۆپەر بە شێوازێکی واتادار بەکاریان دەهێنێ بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر شێوە سادەکان، جوانییەکی تایبەت بە تابلۆیەکە دەبەخشێت. لە دوورییەکی زۆر لە بینەرانەوە، ژن و مێردێک دەبینرێن بە ڕووخسارێکی بۆش و بەتاڵەوە دانیشتوون کاتێک مەیگێڕێک لە پشت مێزەکەیەوە خۆی سەرقاڵ دەکات. دەستی ژن و مێردەکە نزیکن لە یەکترییەوە، بەڵام هیچ کامیان دڵخۆش دەرناکەون. ئەو کەسایەتییەی لە لە کۆتاییی مێزەکەدا دانیشتووە و وا لە خواردنگەکه دەکات تەنها دەرکەوێت (کە هۆپەر لەسەر شێوەی خۆیی دروستی کردووە)، پشتی لە بینەرانە، ناسراو دەردەکەوێت. تەواوی نەخشاندنەکە لەسەر شەقامە تاریکەکەوە بنیات نراوە. تاریکە چونکە ئەو شارەی خواردنگەکەی لێیە لە ژێر چراکوژانەوەدایە لە ترسی هێرشی شەڕ، سەرەتای جەنگی دووەمی جیهانی، کە ڕەنگە سەرچاوەی ئەو نیگەرانییەی سەر ڕوخساری ژن و مێردەکە بێت.
هۆپەر ئەوەی ڕاگەیاند کە شەقامەکە خۆی ئاوا تەنیا و غەریب نەبووە و گوتی: "نائاگاییانە، لەوانەیە تەنیاییی شارێکی گەورەم نەخشاندبێت." ئاشکرایە نزیکیی ئەو چوار کەسایەتییەی کە لەوە ناچێت یەکتر بناسن وامان لێ دەکات وێنای ئەو خودنامۆییە بکەین. بە هەر بارێکدا لێی بڕوانیت، هیچ دەرگایەکی خواردنگەکە ناکەوێتە بەر چاو؛ بینەران لە دیمەنەکە دابڕێنراون، ئەمەش زیاتر سەرنجڕاکێشی دەکات. بیرۆکەی خواردنگەکە ئیلهامی لە یەکێکی دیکەوە وەرگرتووە لە دێی گریینویچ، لە شاری نیویۆرک، کە هۆپەر لەوێدا ٥٤ ساڵ ژیا. پیشەی هۆپەر ئەوە بوو سکێچی دەنەخشاد کاتێک بە ناو نیویۆرکدا دەسوڕایەوە و دواتریش دەگەڕایەوە ستۆدیۆیەکەی و سکێچی چەند جوڵەیەکی دەکرد لەگەڵ جۆزێفینی هاوسەری، کە وەکوو مۆدێلێک بۆ ژنە قژزەردەکەی ناو تابلۆیەکە بە کاری هێنابوو.
تابلۆی "شەوکاران" بووە بە وێنەیەکی ئەدگاری ئەمریکیی سەدەی بیستەم. لە ئەنیستیتۆی هونەریی شیکاگۆ دانراوە و زۆرترین خەڵک سەردانی دەکەن لە ناو هەزاران کاری هونەریی دیکەدا.
سەرچاوە:
Comments
Post a Comment